
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، داوا لە هێزە تەناهییەكانی سلێمانی دەكەم بكوژانی كوشتنی ئەفسەرەكەی سلێمانی بگرن و ڕادەستی یاسای بكەن.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید نەقیب محەمەد دادەنوێنین، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە پارێزگای سلێمانی لەكاتی ئەركی فەرمیدا، بەدەستی ژمارەیەك تاوانبار شەهید كرا و دروود بۆ گیانی دەنێرین، سەرەخۆشیش لە كەسوكاری دەكەین.
وەزیری ناوخۆ گوتی، داوا لە دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی دەكەین بەدواداچوونی رژد بۆ تاوانی كوشتنی نەقیب محەمەد بكەن، كە بۆ پاراستنی ژنێك لە ئەركی فەرمیدا شەهید كرا، ئەوانە شەهیدی وڵاتن و هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.
ڕێبەر ئەحمەد هۆشداری دا لەبارەی ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر و گوتی، زۆربەی پۆلیس و ئەفسەران تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی دەبنەوە، رۆژانە هەڕەشەیان لێ دەكرێت، بۆیە قبووڵ ناكرێت كەس دەستدرێژیی بكاتە سەر هێزەكانی ناوخۆ.