
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر پێشنیاری یەکێتی زانایانی ئایینی ئسیلامی کوردستان وەزارەتە پەیوەندارەکان رادەسپێرێت بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان.
بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کراوە و تێیدا هاتووە: “سەبارەت بە داواکاری (یەکێتی زانایانی ئایینی) لە میانی دیداری تایبەتیان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە 29/9/2021، تایبەت بە (کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان) بۆ ئەم مەبەستە لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت کاری پێویست ئەنجام بدەن بە هەماهەنگی لەگەڵ هەر یەک لە وەزارەتەکانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، وەزارەتی پلاندانان و یەکێتی زانایانی ئایینی بە دیراسەتکردنی ئەم بابەتە و دواتر بەرزکردنەوەی راسپاردە و میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی داواکاری ئاماژە پێکراو”.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 29/9/2021، یەکێتی زانایان دیدارێکی گرنگی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداو بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی و خزمەتی پتری بواری زانستە شەرعییەکان و پێگەیاندنی کادری ئایینی لێهاتوو چەند پێشنیارێکی خستە بەر دیدی سەرۆکی حکوومەت، کە یەکێ لەو پێشنیارانە کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی بوو لە هەرێمی کوردستان.

چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە