
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە پارێزگای دھۆك ٢٣٠ كارگە و ٢٧٠ كۆگا دروست دەكرێن و تا ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو زۆرینەیان تەواو دەبن، كە ھەزار دۆنم زەوییان بۆ تەرخان كراوە و ھەلێكی زۆری كار بۆ خەڵكی پارێزگای دھۆك دەڕەخسێنن.
دكتۆر محەمەد شوكری، ڕایگەیاند، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام گرنگیی بە كەرتی پیشەسازی داوە، كە یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی حكوومەتی ھەرێمە و كاری بۆ كراوە و لە پارێزگای دھۆكیش ناوچەیەكی پیشەسازی دەست بە دروستكردنی كراوە، كە ٢٣٠ كارگە دروست دەكرێن و ئێستا وەكو ھەنگاوی یەكەم ٥٠كارگە دروست دەكرێن و تا ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو زۆرینەی كارگەكان دروست دەكرێن و تەواو دەبن.
سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، ھەزار دۆنم بۆ ناوچەكە دیاری كراوە بۆ ئەوەی كاری پیشەسازی لێ ئەنجام بدرێت و تەنھا بۆ كاری خزمەتگوزارییەكەی ٧٠ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، كە كەرتی تایبەت كاری لەسەر دەكات، بۆیە ئەو ناوچەیە سەرمایەیەكی خەیاڵیی لێ خەرج دەكرێت.
شوكری ڕاشیگەیاند، جگە لە كارگە، ٢٧٠كۆگای ھەڵگرتنی بەرھەمەكانی ناوچەكەی تێدا دەبێت، كە زۆرینەی ساردكەرەوەن، چونكە ئەو كارگانە كەلوپەلی خۆراك بە ھەموو جۆرەكانیەوە بەرھەم دێنن و ئەوەی پێویست بێت لەو كۆگایانەدا ھەڵدەگیرێن، بۆ ئەوەی دواتر بەكاریان بھێنن.
ناوبراو باسی لەوەش كرد: “ھەر كارگەیەك بەلایەنی كەمەوە ١٠٠ھەلی كار دەڕەخسێنێت، ئەمەش وادەكات خەڵكێكی زۆر لەو كارگە و كۆگایانە كار بكەن، بۆیە ھەلێكی زۆری كار بۆ خەڵكی پارێزگای دھۆك دابین دەكات، چونكە مەبەستی ئێمە ئەوەیە جگە لە گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی، ھەلی كاریش بۆ گەنجانمان برەخسێنین”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە