
لەمیانەی دیداری ئەمڕۆیدا لەگەڵ قوتابیانی نوێنەری سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە باسی بابەتی بێڕێزیکردن بە ئاڵا و سیمبولەکانی کوردستان، داوایەکی “برایانە”ی ئاراستەی قوتابییەکان کرد.
مەسرور بارزانی، لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی پرسیاری قوتابییەکان گوتی: “داوایەکی برایانەم لێتان هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئێوە پێشمەرگەی قوتابی بن،پێش هەموو کەس بەرگری لە کەرامەت و ماف و سیبمولی وڵاتەکەتان بکەن، باوەڕ بکەن هێندە جێگەی داخ بوو کە بینینمان چەند کەسێک بە پێ چوونە سەر ئاڵای کوردستان و بێڕێزی بەرامبەر بەو ئاڵایە کرا کە بووەتە دوابەرگی چەندین شەهید و هەزاران شەهید لەژێر ئەو ئاڵایە نێژراون”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “بێڕێزی کردن بە ئاڵای کوردستان چۆن داواکاریی قوتابییە؟چۆن ئەمە گرفتەکان چارەسەر دەکات؟ ئەمە ڕوونە کە دەستێک هەیە ویستوویانە سوود لە هێز و توانا و خوێن گەرمیی قوتابی وەربگرن بۆ ئەوەی هیچ خۆشەویستییەک بۆ ئەم وڵاتە نەهێڵن، دەبێت ئێوە پێش هێزە فەرمییەکان رێگریی بکەن لەوەی کە سووکایەتی بە سیمبول و کارمەتی وەڵاتەکەمان بکرێت”.
مەسرور بارزانی راشیگەیاند: “دڵنیام ئەو کارە کاری قوتابی نەبووە ئەوەی ئەو کارەشی کردووە حکوومەت لێی بێدەنگ نابێت، ئەوانەی کە بێڕێزی بە ئاڵای کوردستان دەکەن پێویستە رووبەرووی یاسا بکرێنەوە، ئێمە بە توندرین شێوە ئیدانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەین، هەروەها ئیدانەی رووبەرووبوونەوە و توندوتیژی دەکەین چ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر بە قوتابی بکرێ، چ لەلایەن هەندێ کەسەوە بە ناوی قوتابی پەلاماری هێزە ئەمنییەکان بدرێ”.