
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستی خۆی لەبارەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی قوتابیان و گێرانەوەی دەرماڵەکانیان دەربڕی و رایگەیاند، ناکرێ بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابیان بکرێت .
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زانا مەلا خالید سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ: “ناکرێ بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ قوتابیان بکرێت، ئەوان ئەو توێژە کاریگەرەی کۆمەڵگەن پێویستە هەموو لایەنەکان و کایە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گوێ لە داواکارییەکانیان بگرن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمان، بەدواداچوونی وردیان کردووە کە لە ئاست داخوازییەکانی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان بن، بۆ گێرانەوەی دەرماڵەی قوتابیان، تا بەشێک لە بارگرانی بژێوی ژیانیان لەکاتی خوێندن چارەسەر بکەن.
راشیگەیاند: “وەک فراکسیۆنی پارتی یاداشتێکمان بە واژۆی زیاتر لە 50 پەرلەمانتار بە هاوکاری ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی تر ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر گرفتی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان”