كۆچ، هۆكار و مەبەستی جۆراوجۆری هەیە، ئابووریناسێك پێی وایە بەشێك لەو گەنجانەی كۆچ دەكەن، دۆخی ئابوورییان باشە و تەنیا دەیانەوێ ژیانێ نوێ تاقی بكەنەوە.
دكتۆر ئەرشەد تەھا راوێژكاری ئابووری پەرلەمانی كوردستان،ڕاگەیاند:”ئەوانەی كۆچ دەكەن ھەریەك بە ھۆكارێكە و جۆری كۆچكردنیان جیاوازە، ھەیە لێرە دەرفەتی ژیانی ھەیە و كاری ھەیە و بە دوای دەرفەتی باشتر دەگەڕێت، ھەیشە نەخۆشە و بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێت.
بەگوتەی ئەو راوێژكارە، هەندێكیان دۆخی ئابوورییان زۆر باشە و مەبەستیانە ژیانێكی نوێ تاقی بكەنەوە. ئەو داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكات، بیانوو نەھێڵێت و كارێك بكات چیتر خەڵك كۆچ نەكەن و سەردانەكان بۆ دەرەوە تەنیا لە چوارچێوەی یاساییدا بمێنێتەوە.
ئەوەش دەڵێت، “راستە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تەنگژەی زۆر لە ھەرێم دروست بوو، بەڵام ئەمساڵ دۆخی ئابووری باشترە و دەرفەتی كار زیاد بووە و پڕۆژەی زیاتر ئەنجام دەدرێت، حكوومەت كار دەكات دەرفەتی زیاتری كار بڕەخسێنێت.
وەك تەها خستیەڕوو كە كۆچ بووەتە چاولێكەری، زیاتریش بیلاڕووسیا ئەوەی دروست كرد كە سیاسەتێكە دژی یەكێتی ئەوروپا، بەڵام ئەوانەی دۆخی ئابوورییان باشە، بە دڵنیاییەوە لە ھەرێم ژیان خۆشترە و ئەوروپا ئەو بەھەشتە نییە، تا بە چاوی خۆیان نەیبینن نازانن چۆنە.