
زیاد ڕەئووف، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، سەبارەت بەو کەیسانەی ئەو خەڵکە بۆ خۆیان پێشکەشی دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەو کەیسانەی ئەو خەڵکە لە پۆڵۆنیا پێشکەشی دەکەن، ئەوان لە دەسەڵاتدارانی پۆڵۆنیا و تەنانەت لە چاودێرە ئەوروپییەکان دەبیستن، شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان باس دەکەن، گوایە هەیە دەڵێت من ڕۆژنامەنووسم، ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، چەندین چیرۆکی هەڵبەستراوی دیکەیشیان دروست کردووە، کە عەقڵ قبووڵیان ناکات.
ئەو نوێنەرەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، ئاشکراشی کردووە، کە ئەگەرچی حکوومەتی پۆڵۆنی بەفەرمی لەسەر ئەو کەیس و هۆکارانە پرسیاریان لەوان نەکردووە، بەڵام میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان لەسەری دەنووسن و سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنی ئەو خەڵکە پرسیار دەکەن، کە هەندێکیان باسیان لەوە کردووە، گوایە ئازادی لە هەرێمی کوردستاندا نییە، بۆیە ناچار بوون کۆچ بکەن، “ئەمانە چیرۆکی هەڵبەستراون و زیان لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەدەن”.
لای خۆیەوە، سیروان كاكەیی، پارێزەری نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوە داوە، کە ئێستا خەڵک کهیسی جۆراوجۆر بهکاردێنن تاوەکو وەربگیرێن، بەڵام “ئهو وڵاتانهی ئەوروپا ئهوهنده کهیسی جۆراوجۆریان بینیوه، پێیان باوهڕ ناکهن”.
ئەو پارێزەرە پێی وایە، ئهو پارهیەی گەنجان لەو رێگایە خهرجی دەکەن، دهتوانن لێرهش کاری پێ بکەن، بەڵام چونکە وا باسی ئەوروپا رۆیشتووە، کە گوایە بهههشته و هەڵڕێژ هەڵڕێژی پارەیە، بۆیە “ئەو خەڵکە ئەو بڕە پارەیەی هەیەتی لە رێی ئەو بەهەشتە خەیاڵییە خەرجی دەکات، بەمەش پارەیەکی زۆری ئەم وڵاتە دەچێتە دەرەوە”.