
لەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەمە 2021.10.31، لەژێر ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ساسان عەونى، وەزریى شارەوانى و گەشت و گوزار و د.محەمەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بەو لافاوەى کە دوێنێ بەهۆى شەپۆلێکی بهخوڕی باران و تەزرەوه زەرە و زیانی زۆرى گەیاند بەبەشێکى شارى هەولێر ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە موسا ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى خێرخوازى بارزانى و بەڕێوەبەرانى گشتیى وەبەرهێنان و تەندروستى هەولێر و دابەشکردنى کارەبا و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئامادەی بوون، کۆبوونەوە دەستخۆشى لە هەموو ئەو لایەنانەکرد کە لەکاتى دروست بوونى لافاوەکە، لەزووترین کاتدا گەیشتنە شوێنى ڕووداوەکە و یارمەتی و هاوکاریان پێشکەش بە هاوڵاتییان کرد کە بەهۆی ئەم ڕووداوە سروشتییەوە گیریانخواردبوو یاوەخود دووچارى زیان هاتن، پاشان باس لەو کێشە و هۆکارانە کرا کە بوونە هۆکارى دروست بوونى لافا و کۆبوونەوەى ئاوێکى زۆر لەبەشێکى شارى هەولێر، لەوبارەیەشەوە بڕیاردرا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەپەلە دەست بکرێت بەدیراسەیەکردنێکى وورد بۆ ڕێڕەوەى ئاوى سروشتى لەو ناوچانە و پاککردنەوەی ئەو ڕێڕەوانەشى کە هەن تاوەکو جارێکى تر ئەو حاڵەتەى کە ڕوویدا دووبارە نەبێتەوە.
لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى هاوکارى و یارمەتیدانى ئەو هاوڵاتییانە کرا کە بەهۆى لافاوەکەوە دووچارى زەرە و زیان هاتوون، لەوبارەیەشەوە کۆبوونەوە بڕیاردا لێژنەیەکى باڵاى لە پارێزگاى هەولێر بەسەرپهرشتى (EJCC/ پارێزگاى هەولێر و دەزگاى خێرخوازى بارزانى و لقى هەولێرى مانگى سورى عێراق و بەرگرى شارستانى) پێکبهێنرێت بۆ خەمڵاندنى زیانەکان و بەپەلە دابینکردنى پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو هاوڵاتییانەى کە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها لێژنەیەکى تایبەت بۆ لێکۆلینەوە لەو کەم و کوڕی و هۆکارانەى کە بوونە هۆى دروست بوونى لافاوەکە پێکهێنرا.
لەکۆتایدا کۆبوونەوە بڕیاریدا، لەلایەن تیمەکانى شارەوانى و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە هەر ئەمڕۆ دەست بکرێت بە هەڵمەتى ڕاماڵین و پاککردنەوەى هەموو ئەو شەقام و شوێنانەى کە بەهۆى پاشماوەى لافاوەکەوە دووچارى گرفتى هاتووچۆ هاتوون و ئاستەنگی لەبەردەم هاتووچۆى هاوڵاتییان دروست کردووە.