
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی له باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد، سهرۆكى حكوومهت هیوای خواست ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ببێتە هۆی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/10/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مارک برایسن ریچاردسن، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا باردۆخی گشتیی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کران.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان هیوای خواست ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ببێتە هۆی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی.
چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.
