
هەڵسووڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، لە لایەن تاقمێكەوە قاچاخچێتییەكی زۆر لە مەرزەكانی باشماخ و پەروێزخان كراوە و لە رابردوودا سلێمانییان كردبوو بە شوێنی قاچاخچێتی.
كەریم فەخری، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا ”تاقمێك دەستیان بەسەر مەرزی باشماخ و پەروێزخاندا گرتبوو، داهاتی شارەكەیان بۆ خۆیان دەبرد، بەهۆی ئەو قاچاخچێتییە ڕێكخراوەی لە باشماخ و پەروێزخان دەكرا، خەریك بوو ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە ناشرین ببێت“.
ئەو سەركردەیەی گۆڕان پێیوایە كە دەبێت هەموو ئەوانەی دەستیان لە قاچاخچێتیی سنووری سلێمانی هەبووە، دادگایی بكرێن، چونكە جگە لە قاچاخچێتی، ”داهاتی شارەكەش بۆ خەڵك و حكوومەت نەدەگەڕێندرایەوە“.
هاوكات بە پێویستی دەزانێت، ڕێگە بە هیچ گرووپێك نەدرێت ئەوە دووبارە بكەنەوە كە لە رابردوودا كرا و ”ناكرێت یاری بە چارەنووسی گەلێك بكرێت، تەنانەت نابێت ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە، بتوانن بە ئاسانی بۆی دەربچن“.