
بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری كۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، سەلماندی لە خەمی خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە و دەبێ هەموان شانازیی پێوە بكەن.
شێخ کامیل نووری، بەرپرسی ڕایەڵەی پیشمەرگە دێرینەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: ”بڕیاری لابردنی لێبڕینی مووچەی فەمانبەران لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ھەنگاوێکی گرنگە و یەکێکە لە کارە باشەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە لێبڕینی مووچە كاریگەریی لەسەر لاوازکردنی جووڵەی بازرگانی و بازاڕ هەبوو، جگە لەوەی خەڵکی بەھۆی لێبڕینی مووچەوە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووبوونەوە، بەڵام بەھۆی بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ئێستا خەڵکی دڵخۆشە.
جەختیشی كردەوە: “حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زۆر باشترە لەوەی ئێمەی کورد لەبەر دەستی بێگانەدا بین و مووچەمان بۆ دابین بکات، ئەوە حکوومەتی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستانە، چونکە کاتێک داھاتی زیاد دەکات، بڕیار لەسەر ژیانی خەڵکی دەدات و کێشەی مووچەی فەرمانبەران ناھێڵێت، بۆیە دەبێ ھەموومان چاومان لەسەر حکوومەتەکەی خۆمان بێت و شانازیی پێوە بکەین”.
شێخ کامیل نوری، بەرپرسی ڕایەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کرد: “حكوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان بەڵێنی خۆی بردە سەر و هەر لەگەڵ زیادبوونی داهاتەكەی، لێبڕینی مووچەی كۆتایی پێ هێنا و سەلماندی لە خەمی دۆخی خەڵكدایە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢١، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی رایگەیاند لەم مانگەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت.