
بەپێی یاسای بودجە پێویستە حكوومەتی عێراق مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بکات، بڕیاردەری لیژنەی داراییش دەڵێت، ئەو پارەیە كە هاتووە وەك سولفەیە و بۆ ئەوەی بەردەوام بێت پێویستە ئیش لەسەر ماددەی 11ی یاسای بودجە بكرێت.
بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بەپێی یاسای بودجە پێویستە حكوومەتی عێراق مانگانە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و وەك نوێنەرانی كورد فشاری بەردەوامیان هەبووە لەسەر حكوومەتی عێراق بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم.
ئەو روونی کردەوە هەندێ كجار فشاری سیاسی دەكرێتە سەر حكوومەت و وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی گرفت و كێشە و تەگەر بخەنە بەردەم ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.
لە بارەی بەردەوامی ناردنی پشكی كورد بۆ مانگەكانی تر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، ئەو 200 ملیارەی كە حكوومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە وەك سولفەیە و مەرج نییە هەموو مانگێك پارە بۆ هەرێم بنێرن.
هەروەها گوتی، بۆ ئەوەی بەردەوامی بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان بدرێت پێویستە ئیش لەسەر ماددەی 11ی لە یاسای بودجەی عێراق بكرێت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە