
ئەندامێكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بۆ هەرزانبوونی نرخی بەنزین، لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان گفتوگۆم كردووە و بەمزووانە نرخەكەی هەرزان دەبێت.
رێبوار بابكەیی ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان و نەوت غاز لە پەرلەمان، ڕاگەیاند، بۆ نرخی بەنزین پێوەندیم كرد بە كەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سروشتییەكان، دەمەوێ بە هاووڵاتییان ڕابگەیەنم كە لە ماوەیەكی نزیكدا نرخی بەنزین دادەبەزێت و كوالێتییەكەشی بەرز دەبێتەوە.
زیاتر گوتی، چەند پێشنیارێكمان داوە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بەشێكیان پەسەند كراون، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابەزینی نرخی بەنزین و بەرزكردنەوەی كوالێتییەكەی، لە چەند ڕۆژی داهاتوو هەڵدەستێت بە كەمكردنەوەی باجی سەر هاوردەكردنی بەنزین لە دەرەوە. بەمەش كۆمپانیاكان ناچار دەكرێن ئەو بەنزینەی كە هاوردەی دەكەن، كوالێتییەكەی ستاندارد بێت و بەرز بێت.
باسی لەوەش كرد، گرنگی زۆر بە كوالێتی دەدرێت و ئەو بەنزینە پێویستە لە كوالێتی كۆنترۆڵ و پشكنینی هونەری ورد دەربچێت، ئەگەر نا ڕێی پێ نادرێت بێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە.
ڕوونی كردەوە، پێشنیاری ئەوەمان خستووەتە پێش وەزیری سامانە سروشتییەكان، خەزانی عەمباركردنی بەنزینی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆ ئەوەی لە كاتی قەیرانەكان و گرانبوونی بەنزین و ناجێگیریی بازاڕی بەنزین، ئەمان ئەو بڕە بەنزینەی كە عەمباریان كردووە، بێننە بازاڕ تا نرخی بەنزین پێی جێگیر بێت و چیتر قۆرخكاریش لە بازاڕدا نەمێنێت، خۆشبەخەتانە ئەو پێشنیارەش پەسند كرا.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە