
لەسەر سكاڵای دەستەی دەستپاكیی عێراق و بە تۆمەتی گەندەڵی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ دوو بەڕێوەبەری پێشووتری پۆلیسی كەركووك دەرکراوە، كە یەکیان ئەفسەرێكی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە، هەروەها ئەفسەرێكی دیكەی باڵای پۆلیسی كەركووكیش كە توركمانە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
عەمید خەتاب عومەر، بەڕێوەبەری پێشووتری پۆلیسی كەركووك كە لەسەر پشكی یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرتبوو، ڕاگەیاند: “لە ڕاستیدا لە ساڵی 2004 ئامێرێكی ئایسفۆ (بۆ پەیوەندی بەكار دەهێنرێت) كە بەهاكەی زۆر نییە، من ئەو كاتە ئامێرێكم دا بە یاریدەدەرێكی پارێزگاری كەركووك، ئیتر ئەو ئامێرەیان كردە بابەت، دواتر بۆ دادگا رۆیشتم، پاشان ئامێركەمان گەڕاندەوە، کەچی لە شوێنی تر هەبووە فیرقەی گەورە ڕادەست كراوە و سكاڵاشی لەسەر كەس نەكراوە، بەڵام لەسەر ئەو ئامێرە ئێستا بابەتەكە هەڵدراوەتەوە، هەرچەندە ئەوكاتەش كۆتاییمان بەو بابەتە هێنابوو”.
عەمید خەتاب عومەر كە ئێستا لە شاری سلێمانی دەژیت، ئەوەشی خستە ڕوو: “ئێستا گوایە لیژنەیەك هاتووە ئەو بابەتەیان دیسان هەڵداوەتەوە، بەڵام ”وادەزانم بابەتەكە هەر ئیهانەكردنە”.
لەسەر دۆسیەكەی لیوا تۆرهان عەبدولڕەحمان كە جێگری پێشووتری فەرماندەی پۆلیسی كەركووك بووە، عەمید خەتاب عومەر، گوتی: “ئەویش گوایە دەمانچەیەكی بەخشیوە بە پۆلیسێك و ئێستاش دەمانچەكە لای پۆلیسە”.