
لە سنووری پێنجوێن، بەشێك لەوانەی كاری بازرگانی دەكەن یان شۆفێرن و پەكەكە سەرانەی لێ وەرگرتوون، ئاماژە دەكەن كە پێیان گوتراوە ئەو پارەیەی وەری دەگرن، بۆ كڕینی خۆراك و پێدوایستیی خۆیانە.
بازرگانێکی سنووری پێنجوێن، راگەیاند، رۆژانە لە چەند رێگایەكی لاوەكی و لە دەرەوەی مەرزە فەرمییەكان، كاری هێنان و بردنی كەلوپەل و كەرەستەی كارەبایی لە نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان دەكەین.
زیاتر گوتی، زۆرجار ئەو بارانەمان لەلایەن پەكەكەوە، كە كەس نازانێ خەڵكی كوێن و لە كوێوە هاتوون، باج و سەرانەمان لێ وەردەگرن، لەم ماوەیەدا كاتێك پارەیەكی زۆرم لێ وەرگیرا و نزیكەی ملیۆنێك دینارم دا، بەو چەكدارانەم گوت كە دوو ئافرەت و پیاوێك بوون، بۆچی ئەم پارە زۆرە وەردەگرن، وەڵامیان دامەوە كە پارەكە بۆ خۆیانە.
ئەو بازرگانە روونی كردەوە، لەو كاتەدا كە من زۆر پێداگریم كرد كە ناكرێ ئەو پارەیە كەمتر بێتەوە یان لێمان وەرنەگیرێت، ئەوان بە زمانی كوردی ئێران گوتیان، پارەكە بۆ خۆمانە و نان و كەرەستەی سەرەكیی رۆژانە و جلوبەرگی پێ دابین دەكەین.
هاوكات عەزیز ئەسعەد، یەكێكی تر لەوانەی لەلایەن پەیكەكەوە سەرانەی لێ وەرگیراوە، دووپاتی كردەوە، بۆمان دەركەوتووە كە چەكدارانی پەكەكە لە سنووری پێنجوێن و زۆربەی ناوچەكانی تری كوردستان، بەهۆی دووریان لە قەندیلەوە، ئێستە لەو پارەیەی وەك سەرانە لە هاووڵاتی و شوانكار و بازرگانانی وەردەگرن، بۆخۆیانی خەج دەكەن و ژیانیانی پێوە بەندە.
کاروان خدر حسن