
سهرۆك بارزانی دووپاتیكردووهتهوه، لەو داستانە مێژووییەدا ئیرادەی گەلەكەمان بەسەر پیلانی دوژمنان سەركەوت و ئەوە سەلمێندرا كە ئیرادەی بەرخودان و خۆبەدەستەوەنەدان لەنێو رۆڵەكانی گەلی كوردا هەر دەمێنێت و ئەو ئیرادەیە لە هەموو هێز و سوپا و پیلانێك بەهێزترە.
دهقی پهیامهكهی سهرۆك بارزانی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
ئەمڕۆ حەفتا و چوار ساڵ بەسەر داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە رووباری ئاراسدا تێدەپەڕێت. لە 18ـی حوزەیرانی 1947ـدا دوای پەنجاوسێ رۆژ شەڕ و بڕینی سنووری ئێران و عێراق و توركیا و رووبەڕووبوونەوەی سوپا و چەکدارانی سێ دەوڵەت و پووچەڵکردنی هەڕەشەی دوژمنان لە رێڕەوێكی دوورودرێژ و سەختدا بارزانیی نەمر و یاوەرانی توانیان لە رووباری ئاراس بپەڕنەوە و بچنە خاكی یەكێتیی سۆڤییەت. ئەو داستانە رەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و سەربازیی گەورەی هەبوو و، كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر مانەوەی دۆزی رەوای كورد لەو كات و لە قۆناغەكانی داهاتوو بەجێهێشت.
لەدوای رووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد هەموو هەوڵی دوژمنان ئەوە بوو كە كۆتایی بە خەبات و تێكۆشانی گەلی ستەملێكراوی كورد بهێنن و ئیرادەی مرۆڤی كورد بشكێنن. بەڵام لەو داستانە مێژووییەدا ئیرادەی گەلەكەمان بەسەر پیلانی دوژمنان سەركەوت و ئەوە سەلمێندرا كە ئیرادەی بەرخودان و خۆبەدەستەوەنەدان لەنێو رۆڵەكانی گەلی كوردا هەر دەمێنێت و ئەو ئیرادەیە لە هەموو هێز و سوپا و پیلانێك بەهێزترە. داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە رووباری ئاراس رەتكردنەوەی داگیركاری و بندەستی بوو و، ئومێدی مانەوە و خەباتی لە دڵی گەلی كورد بە زیندوویی هێشتەوە.
مسعود بارزانی
18ـی حوزەیرانی 2021
