
بەرپرسی لقی ٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ ڕای گەیاند پەپەکە بووەتە چەکبەدەست و دارەدەستی داگیرکەرانی کوردستان و ئەو شوێن و دەڤەرانەی خاکی هەرێمی کوردستان کە خۆی داگیری کردوون، ڕادەستی پێشمەرگە ناکات، کەچی بەبێ شەڕ ڕادەستی تورکیای دەکات.
عەلی عەونی لەمبارەوە ڕاگەیاند: “هەموو هەوڵی پەکەکە ئەوەیە شەڕ ساز بکات، بەڵام بەختەوەرانە لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە وریاییەوە دەجووڵینەوە و ڕێگە نادەن شەڕ ڕوو بدات، پەکەکە پێی وابوو کە ئەگەر ئەو پێشمەرگانە شەهید بکەن، ئیتر شەڕ ڕوو دەدات، بەڵام ئێمە نیەتمان شەڕ و کوشتنی ئەوان نییە”.
ئاماژەی بەوەش کرد: “دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئەو ڕۆڵەیان داوەتە پەکەکە کە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، پەکەکە کە ئێستا لە هەموو پارچەکانی کوردستان فەشەلی هێناوە، بەتایبەتی لە باکووری کوردستان، کاتێک ناتوانن لە شوێنی ڕاستەقینەی خەباتی خۆیان کارێک بکەن، هەوڵ دەدەن کێشە بۆ هەرێمی کوردستان ساز بکەن”.
عەلی عەونی ڕاشی گەیاند: “ئێستا ڕۆڵی پەکەکە ئەوەیە ڕێخۆشکەرە بۆ داگیرکاریی تورکیا و لە بەرانبەر تورکیا ئەوان هیچ شەڕێک ناکەن و تەنیا بۆ کوردکوشتن زیرەکن و ئیتر گەڕانەوەی پەکەکەش بۆ باوەشی میللەت مەحاڵە و هەموو کارێکی لە بەرژەوەندیی دوژمنان و داگیرکەراندایە”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە