
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر لە عێراق حوکمڕانییەکی باش هەبێت، ئەو وڵاتە دەبێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئەمڕۆ دووشەممە 31-5-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئەسعەد ئەلعیدانی، پارێزگاری بەسرا کردووە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، ئەسعەد ئەلعیدانی رەتی کردووەتەوە هەرێمی کوردستان لەسەر حیسابی بەسرا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق پێشکەوتبێت و رایگەیاندووە: کە ئەوان لە بەسرا زۆر سوودیان لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەرگرتووە.
پارێزگاری بەسرا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و ناکرێ بەشێوەیەکی ناوەندی بەڕێوە ببرێت، پێویستە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان ”بەشێوەیەکی راستەقینە“ بەشداربن لە دەسەڵات و بڕیاردان.
هەروەها مەسرور بارزانی رایگەیاندووە: عێراق، لە ڕووی سامانی مرۆیی و سروشتییەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە و ئەگەر حوکمڕانی و بەڕێوەبردنێکی باش هەبێت، دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ناوچەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئاراس حەبیب کەریم، پەرلەمانتاری عێراق تێیدا ئامادە بوو، سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لەگەڵ پارێزگای بەسڕا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەربڕیوە.
