
فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی /١ کە پێشووتر سەر بە یەکەی ٨٠ی پێشمەرگە بوو بە بڕیاری سەرۆک بارزانی خرایە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “دوای ئەوەی لە کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتبوو کە دەبێت ھێزەکانی پێشمەرگە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر بڕیاری سەرۆک بارزانی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی/١ کە پێشتر سەر بە یەکەی٨٠ بوو خرایە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە”.
ئاماژەی بە ئەوەش دا کە ھەر لە دوای بڕیارەکەی سەرۆک بارزانی کە دەبێت فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی/١ بخرێتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە، سیھاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی/١ بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکەی ٨٠ و وەزارەتی پێشمەرگە دەستیان کرد بە پرۆسەی گواستنەوە ھێزی ناوبراو بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکە “سیھاد بارزانی ڕۆلێکی باشی ھەبوو لەوەی کە ھەرچی زووە پرۆسەی گواستنەوەکە زوو تەواو بکرێت، لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کردستان و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان پێشوازی لەو بڕیارە کرا و بە ھەنگاوێکی باش ئەژماریان کرد بۆ یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە”.