
دوای راگەیاندنی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتی و گۆڕان، ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە و کادیرەکانی ئەو دوو حزبە، نائاگایی و تێبینیی خۆیان لەسەر هاوپەیمانییەکە پیشان دا و سەرکردەیەکی دیکەی گۆڕانیش ڕایگەیاند، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بەتەنیا بەشداریی ھەڵبژاردنی بکردایە، دەنگی خۆی دەھێنا.
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: “بزووتنەوەی گۆڕان، وەکو لایەنێکی سیاسی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ھاوپەیمانیی لەگەڵ یەکێتی کردووە، دیارە ئەو ھاوپەیمانییە لەناو حزبەکاندا شتێکی ئاساییە و پێشتر ڕێککەوتنی لەو شێوەیە کراوە و بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکانی تێدا بووە”.
گوتیشی: “ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان ھاوپەیمانیی لەگەڵ یەکێتی نەکردایە، دەنگی خۆی دەھێنا، چونکە گۆڕان بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە”.
ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ئەگەری نەهێنانی دەنگی پێویست پاساو دێنێتەوە و دەڵێ: “ئەوەی زەڕبەی لە بزووتنەوەی گۆڕان داوە، ئەو بارودۆخەیە کە دروست بووە، ھەموومان دەزانین ھەمیشە گۆڕان ھەوڵی چاکسازیی داوە، بەڵام گۆڕان ھێزێکی جەماوەرییە، نە پارەی ھەیە و نەھێزی چەکدار و دەزگای ھەواڵگری، ئیتر ئێمە ئەو دامەزراوانەمان نەبێت، خەڵکی نابێت لۆمەمان بکات”.