
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە سەرەتای گفتوگۆكان بۆ دەستوور، هێزە نەیارەكانی پارتی داوای گۆڕینی سیستمەكەیان دەكرد لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، ئێستە پارتی زۆرینەیە و بیانووی سەیر و شەرمەزاری دەبیننەوە.
لیزا فەلەكەدین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند، ساڵانی 2009 تا 2013 لە پرسی دەستوور هێزە نەیارەكانی پارتی تەواوی ئامانجیان دژایەتیكردنی سیستمی حوكمڕانی بوو، بەوەی داوای گۆڕینی سیستمەكەیان دەكرد لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، خەونیان بەوەوە دەبینی بە تەپڵ لێدان و دەبە وەشاندن لە پەرلەمان ببن بە خاوەن بڕیار.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان گوتی، دوایی تێپەڕبوونی چەندان ساڵ، ئەمڕۆ پارتی بە جیاوازییەكی زۆرەوە بووەتە خاوەنی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی و هەمان ئەو هێزانەی بابەتی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیان كردبووە كارتی موزایەدە، تەواو چوونەتە ئاو و مەحاڵە بگەڕێنەوە دۆخی جارانیان و بۆ دژایەتیكردنی پڕۆژەی دەستوور، بۆیە بیانووی سەیروسەمەرە دەهێننەوە.
ڕوونی كردەوە، ئێستە ئەو هێزانە بە ئاستێك بابەتی ناڕەزایەتییەكانیان ئەوەندە مایەپووچە، كاتێك دەیانبیسیت هەست بەشەرمەزاری دەكەیت.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە