
میدیای سەر بە تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەر، تویتێكی واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە دژی داعشیان وەك بەڵگە هێناوەتەوە گوایە ئەمە بەدرۆخستنەوەی راپۆرتەكەی (یاهوو نیوز)ە لە كاتێكدا مارۆتۆ تەنیا باسی لەوە كردبوو، ئەوان لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە هەماهەنگی لەگەڵ دژەتیرۆری یەكێتی بەردەوامن و بەهیچ شێوەیەك باسی لە تێوەگلانی دژە تیرۆری یەكێتی لە ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس نەكردبوو.
ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە راگەیاند، ئەم جۆرە هەواڵانەی میدیاكانی سەر بە بەرپرسان و تاقمە باڵادەستەكەی نێو دژەتیرۆری یەكێتی بڵاوی دەكەنەوە، نیشانەی ئەوەیە كە ئەوان شڵەژاون و ترساون و بەدوای پینەوپەڕۆكردنی ئەو تێوەگلانەیانن.
ڕوونیشی كردەوە ئەم بابەتە هەروا بە ئاسانی تێناپەڕێت، ئەو تاقمە كەركووكیان بە میلیشیاكان و هێزە عێراقییەكان و لە رێككەوتنێكدا كە قاسم سولەیمانی سەرپەرشتی كردووە، فرۆشتووە، دواتریش قاسم سولەیمانییان بە ئەمریكا فرۆشتووە، بۆیە تویتێك ئەستۆیان پاك ناكاتەوە.
ئیسلام حوسێن ڕوونی كردەوە، ئەمریكا دەوڵەتێكە بە سیستەم دەڕوات، میدیایەكی گەورەی ئەو وڵاتە لە خۆیەوە زانیاری بڵاو ناكاتەوە و روونە بەڵگەی پێویستی لەبەر دەستدایە، ”هەر لەبەر ئەوەشە دژە تیرۆری یەكێتی تەنگەتاو بووە، چونكە راپۆرتەكە بە پشت بەستن بە زانیارییەكانی بەرپرسانی باڵای ئەمنی نووسراوە“.
لە كۆتاییشدا ئەوەی دووپات كردەوە كە دژە تیرۆری یەکێتی بۆ پاکانەی خۆی، باشترە واز لە تۆمەت بەخشینەوە بۆ ئەم و ئەو بهێنێت، بەڵكوو ڕێگە راستەكە ئەوەیە چیتر بۆ پارە پەیداکردن، لە سەر چەند پەتێک یاری نەکەن و چارەنووسی هەرێمی كوردستانیش نەخەنە مەترسییەوە.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە