
ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پارتی (تقدم) و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەكە تاووتوێ کرا، بەتایبەتی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و گرنگیی زەمینەخۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات.
هەروەها جەخت لە پێویستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرایەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور.
لە تەوەرێکی دیکەی كۆبوونەوەكەدا، ئاماژە بە مەترسییەکانی تیرۆر بە گشتی و هەڕەشەکانی داعش کرا کە لە چەندین ناوچەی عێراقدا مایەی هەڕەشەی ڕاستەقینەن بۆ سەر ژیانی خەڵک، لەوبارەیەوە جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و یەكخستنی هەموو هێز و و تواناكان كرایەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هەڕشە و مەترسییەكانی تیرۆر.



چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە