
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخیی ئەمنیی كەركووك خراپتر دەبێت و بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكان لە شارەکە لەڕێگەی نایاساییەوە خەریكی گیرفانپڕكردن و دەوڵەمەنكردنی خۆیانن و خەمی باشبوونی دۆخیی ئەمنیی كەركووك ناخۆن.
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی، ڕاگەیاند: “دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، دۆخی ئەمنیی كەركووك ناجێگیرە، دیارە ئەوەش بەهۆی نەمانی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگەیە لە شارەكە، بۆیە ئێستا كێشە و گرفتێكی زۆر لە كەركووك دروست بووە، ئێستا شارەكە لە هەموو بوارێكدا بە بێسەروبەری بەڕێوە دەبرێت، تەنانەت ئێستا جیاوازیی هەیە لەگەڵ شارەكانی تری عێراقیش، چونکە لە كەركووك هێزی سەربازی حوكم دەكات”.
گوتیشی: “بۆیە ئێستا کەرکووک كوشتن و بڕین و هەڵكوتانە سەر ماڵان و دزیكردنی تێدایە و ئەگەر دۆخیی كەركووك ئاسایی نەكرێتەوە، چاوەڕوانی ڕووداوی خراپتر دەكرێت، چونكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، خەڵكی دەرەوەی كەركووك چ لە هێزە ئەمنییەكان و چ لە عەرەبە هاوردەكان دێنە ناو شارەكەوە و ئەوان خەمی دۆخیی ئەمنیی شارەكەیان نییە”.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەش دا: “ئێستا كەس خۆی بە خاوەنی كەركووك ناكات و ئەو هێزانەی كە لەوێن بە نایاسایی گیرفانی خۆیان پڕ دەكەن، بۆیە چاوەڕێی شتی خراپ دەكەین، هەروەها سیاسەتی تەعریبکردنەوە بەردەوامە و كەسوكاری داعشەكان لەناو كەركووك نیشتەجێ كراون و هیچ لێكۆڵینەوەیەكیان لەگەڵدا ناكرێت”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە