
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ بریندارانی نەخۆشخانەکەی بەغدا، ئامادەیە.
شەوی شەممە 24-4-2021، ئاگرێکی گەورە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا لە بەغدا کەوتەوە و بەهۆیەوە لانی کەم 27 کەس گیانیان لەدەست دا و نزیکەی 30ـی کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە پەیامێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە.
مەسرور بارزانی ئامادەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ”هەموو هاوکارییەکی پێویست“ بۆ بریندارانی رووداوەکە و ”هەر یارمەتییەکی دیکەی پێویست“، نیشان داوە.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
بە داخێکی زۆرەوە ڕووداوی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەی ( ابن الخطيب)ی بەغدا -م بیست ، کە بووە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی دەیان کەس. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و بیانخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی. هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەکی پێویست ڕادەگەیەنێت ، بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و پێشوازیکردن لە بریندارانی ڕووداوەکە و هەر یارمەتییەکی دیکە کە پێویست بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەت هەرێمی کوردستان