
سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق نێردراوە بۆ ئەوەی پابەندبوونەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی 2021 جێبەجێ بكرێت.
ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی پابەندبوونەكانی سەر هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی 2021 جێبەجێ بكرێت.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی، بابەتی مووچەی فەرمانبەران پێوەندی بە هێڵە بودجەی هەرێمەوە هەیە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا باس لە هێڵە گشتییەكانی بودجە دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، سەردانی شاندی ئەمجارەی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، جیاواز دەبێت، بەجۆرێك شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق، چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا بەیەكەوە گفتوگۆ دەكەن و گفتوگۆكان جۆرێك لە تایبەتمەندی وەردەگرن.
ڕوونی كردەوە، ئێستە هیچ گرێكوێرەیەك لە پڕۆژەیاسای بودجەدا نییە، تەنیا داتاكان ئامادە كراون و لەگەڵ وەزارەتەكان گفتوگۆ دەكرێن، ئەمڕِۆ چوارشەمیش هێڵە گشتییەكانی بودجە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسند دەكرێت، كە تایبەتە بە خەرجییەكان و داهات و كورتهێنان و قەرزەكان و رێكخستنەوەی سەرجەم بابەتەكان پێوەست بە بودجە.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە