
دوای ئەوەی کوڕێکی عەلی باپیر چەند قسەیەکی دژ بە محەمەدی حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان کرد، گوتەبێژی ئەو حزبە رایدەگەیێنێت، پێویستە کۆمەڵ بە فەرمی داوای لێبووردن لە حزبی سۆسیالیست بکات لەسەر قسەكانی كوڕە سەرەڕۆیەكەی عەلی باپیر بەرانبەر كاك محەمەدی حاجی مەحمود.
بەختیار کەریم گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەبارەی قسەکانی کوڕێکی عەلی باپیر ڕاگەیاند کاتێک پێشمەرگەکانی حزبی سۆسیالیست و خودی کاک محەمەدی حاجی مەحموود لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگدا بوون لە دژی داعش، عەلی باپیر تەنانەت بەدووربینیش بەرەکانی شەڕی نەدەبینی، ئیتر سەیرە کوڕێکی عەلی باپیر بە خراپ باسی سۆسیالیست و سەرۆكەكەی دەکات.
هەروەها گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان راشیگەیاندووە کوڕەکەی عەلی باپیر گەنجێکی سەرەڕۆیە و بۆ خۆدەرخستن قسەی لەسەر سۆسیالیست كردووە، بۆیە ئێمە قسەی ئەو کوڕە بە بۆچوونی فەرمی کۆمەڵ نازانین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە كۆمەڵ بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبووردن لە حزبی سۆسیالیست و کاک محەمەدی حاجی مەحمود بکات.
گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەش کرد كە حزبەکەیان ھەمیشە لە ڕووی ئەمنی و مەعنەویشەوە ھاوکاری عەلی باپیری کردووە، كەچی ئێستا کوڕێکی سەرەڕۆی عەلی باپیر دێت باسی حزبی سۆسیالیست و کاک محەمەدی حاجی مەحمود دەکات.