
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری دەوڵەتی هەنگاریا كرد و سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی هەنگاریای کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش.
ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/9، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە تریستان ئەزبێج، وەزیری دەوڵەتی هەنگاریا بۆ هاوکاریکردنی کریستیانە ستەملێکراوەکان کرد، لە دیدارەکەدا وەزیری دەولەتی هەنگاریا ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد کە نموونەیەکی گەشەداری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی و نەتەوەییە لە ناوچەکەدا، میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەری کردووە لە نێویشیاندا مەسیحییەکان، ههروهها سوپاسی هێزی پێشمەرگەی کرد کە قوربانییەکی زۆریان دا لەپێناو پاراستنی مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە کاتی شەڕی داعشدا.
وەزیری دەوڵەتی هەنگاریا هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەرخستنی سەردانی پاپای ڤاتیکان و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە هەرێمی کوردستان لێی کرا.
سەرۆکی حکوومەتى ههرێمى كوردستان سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی هەنگاریای کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، ههورهها خۆشحاڵیی خۆی بە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەنگاریا دەربڕی.

چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە