
ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوای قسەكانی دوێنێی لاهوور جەنگییەوە پرسیاری ئەوە دەكات كە ئاخۆ “ئەم هەموو دەستێوەردانە” كەی كارێكی تەندروستە؟.
مەلا بەختیار، لە نووسینێكی كورتدا كە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە، “غالب محەمەدم نەدیوە و نەدواندووە، لە بەرەی نەیارە، بەڵام پەلاماردانی، تاوانە”.
ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە “لێکەوتەی لێدوانەکان و لێدانەکەی ناوبراو، سەیرن! کێشەیەکی یاساییە و ئەرکی دادگا و پۆلیسە بە هاوکاریی ئاسایش، کەیسەکەش لە دادگایە”.
جەختیشی كردۆتەوە كە “پۆلیس و ئاسایش لێدوانیان لەسەر نەداوە، لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنەشی لەسەر نەکراوە. ئەم هەموو دەستێوەردانەی بەرپرسان، کەی کارێکی تەندروستە؟”.
لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوە داوە: “دۆخی کوردستان و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان، وەکوو کەڵەکە بەردە، بە بچووکترین فشار دەتەپێ. چ رەوای هەقە، جارێ کێشەی بودجە لە بەغدا ماوە. مووچە پچڕ پچڕ دەدرێ. هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەیە، کەچی لەسەر گرفتی پەرلەمانتارێک هەڵدەدێرێن؟”.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە