
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر، باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاووتوێ کرا.
باڵوێزی ئەمریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی لە بەرامبەر هەڕەشەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بە تایبەتی دوای هێرشە تیرۆریسیتیەکەی شاری هەولێر، سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمیشی کرد بۆ لێهاتوویی و شارەزاییان لە مامەڵەکردن لە گەڵ هێرشە تیرۆریستییەکە و دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکردن بە هەماهەنگیی لە گەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان.
هەروەها باڵوێزی ئەمریکا ئاماژەی بە پێگەی گرنگ و ستراتیجی هەرێمی کوردستان کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوتیشی: “بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان، کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە، باجی تاوانەکەیان بدەن و بە سزای خۆیان بگەن”.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی گرنگیی ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکەدا.

چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە