
گۆڕینی ناوی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان بۆ كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان ناڕه‌زایی زۆری سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی دروست كردووه و به‌شێك له سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه نیگه‌رانن و شاره‌زایانی بواری ئیسلامی سیاسیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌م هه‌نگاوه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ دروست ده‌كات.
به‌پێى زانیارییەکان ، له كاتى ده‌نگدان بۆ لابردنى پاشگرى ئیسلامى گفتوگۆیه‌كى زۆر كراوه، به‌شێكى زۆر له ئه‌ندامانى كۆنگره و له ئاستى سه‌ركردایه‌تى كۆن و نوێ له گه‌ڵى نه‌بوون و به باشیان نه‌زانیووه و داوایان كردووه پاشگرى ئیسلامى لانه‌برێت، به‌ڵام دواجار به كۆى نیوه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامانى كۆنگره كه زیاتر له 400 ده‌نگ ده‌كات، ناوى حزبه‌كه بۆ كۆمه‌ڵى دادگه‌ریی گۆڕاوه و پاشگرى ئیسلامى لابرا.
فاروق عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵى دادگه‌ریی كوردستان ،راگه‌یاند، له‌سه‌ر پرسى لابردنى پاشگرى ئیسلامى زیاتر له چوار سه‌عات گفتوگۆ كراوه، راى جیاواز هه‌بووه و به ئازادانه قسه‌ى له‌سه‌ركراوه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد كه له ئاستى باڵا و ئه‌ندامانیش ده‌نگى ناڕازى و نیگه‌رانی هه‌بووه، به‌ڵام دواجار هه‌مووان پابه‌ندین به بڕیارى زۆرینه.
سۆران سێوكانى، شاره‌زا له ئیسلامى سیاسى، راگه‌یاند، به دڵنیاییه‌وه لابردنى پاشگرى ئیسلامى كێشه بۆ كۆمه‌ڵ دروست ده‌كات و ره‌نگه له داهاتوو جیابوونه‌وه رووبدات و توندڕه‌وه‌كانى ناو ئه‌و حزبه‌ش قسه‌یان ده‌بێت و بگره پێیان ناخۆشه.