
سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان پێشوازیی لە بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی و هەردوو سکرتاریەتی قوتابییان و لاوان كرد و ڕاى دهگهیهنێت: “پێویستە هەردوو یەکێتیی قوتابییان و لاوان، بە گیانێکی داهێنەرانەوە، بەردەوام بن لە درێژەدان بە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/2/18، مەسرور بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی و هەردوو سکرتاریەتی قوتابییان و لاوان کرد، لە دەستپێکی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی بەبۆنەی 68ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابییانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەردوو ڕێکخراوەکە کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستن لە کاری ڕێکخراوەییاندا.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوه دا، هەردوو ڕێکخراوەکە لە قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە و مێژوویەکی گەشیان هەیە و قوتابخانەیەک بوونە بۆ پێگەیاندنی چەندین سەرکردەی لێهاتوو و بەتوانا کە خزمەتێکی بەرچاویان پێشکەشی کوردستان کردووە.
سهرۆكى حكوومهتى ههرێمى كوردستان جەختی لەوەش کردەوه، پێویستە هەردوو یەکێتیی قوتابییان و لاوان، بە گیانێکی داهێنەرانەوە، بەردەوام بن لە درێژەدان بە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆیان، بۆ پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و بەرەوپێشبردنی تواناکانی خۆیان بە سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی کوردستان بکەن.


چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە