
برایه‌كی لاهور جه‌نگی له سلێمانی كۆبوونه‌وه‌ی به مامۆستایانی ئاینی كردووه و پێی ڕاگه‌یاندوون، كه ئازادی ته‌واویان هه‌یه و به هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی بڕیار و ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و یه‌كێتی زانایان نه‌بن و دژایه‌تی حكوومه‌ت بكه‌ن.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان،له ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوو به ئاماده‌بوونى هه‌ر یه‌كه له چه‌تۆ ساڵح و ئاسۆ جه‌نگى برای لاهور جه‌نگی، ژماره‌یه‌كى زۆر له مامۆستایانى ئاینى شارى سلێمانى له مه‌ڵبه‌ندى یه‌كێتی له سلێمانى كۆكراونه‌ته‌وه و پێیان گوتراوه كه ئه‌وان ئازادیی ته‌واویان پێدراوه چۆن بیانه‌وێت له‌سه‌ر مینبه‌ر ده‌توانن قسه بكه‌ن.
مامۆستایه‌كى ئاینى كه پێى باش نه‌بوو ناوى بهێنرێت، راگه‌یاندووه، هه‌ر یه‌كه له چه‌تۆ ساڵح، بریكارى وه‌زیرى ناوخۆ و ئاسۆ شێخ جه‌نگى سه‌رپه‌رشتى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى كردووه و به ئاماده‌بوونى به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندى یه‌كى سلێمانى، له ناو ئه‌و مامۆستا ئاینییانه‌ى كه به‌شدارییان كردووه، پێنج له مامۆستایانى ئاینى هه‌ڵبژێردراون به ناوى بۆردى مامۆستایانى ئاینى، تا ئه‌وانی تر ڕێنمایی بكه‌ن، كه سه‌رجه‌میان سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن.
هه‌روه‌ها گوتى، به‌و مامۆستایانه‌ى ئاینى گوتراوه به هیچ شێوه‌یه‌ك گوێ له وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و یه‌كێتى زانایان نه‌گرن، ئێوه ماڵى یه‌كێتین و له‌سه‌ر یه‌كێتى حسابن، به ئاره‌زووى خۆتان چیتان بوێ ده‌توانن بیكه‌ن و بیڵێن و له به‌رانبه‌ریشدا مانگانه‌ى بڕى 100 هه‌زار دینار ده‌درێت به هه‌ر یه‌كێك له‌و مامۆستایانه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه تا مامۆستاى ئاینى نه‌به‌سترێته‌وه به ئه‌وقاف و یه‌كێتى زانایان.