
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، سەرۆكی شاندی حكوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆكانی بەغدا دووپاتی كردەوە كە توانیویانە لەبارەی بودجەی 2021 لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێك بكەون و هیوادارن پڕۆژەكە لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕ بێت.
زیاتر گوتی، سەرەڕای تێبینییەكانمان بەرانبەر بە یاساكە، بڕٍیارمان دا جێبەجێ بكرێت، بۆیە لەگەڵ هەمووان لە بەغدا كۆبووینەوە و باسی ئەوەمان كرد كە نەهاتووین گفتوگۆ لەسەر یاساكە بكەین، بەڵكو باسی جێبەجێكردنی دەكەین، كە بۆ رەوانەكردنی پارەی مانگەكانی 10 و 11 و 12، بەغدا دوو مەرجی لەسەر هەرێم داناوە، رادەستكردنی داهاتی نەوت و داهاتی جیا لە نەوتی هەرێم، بۆیە چاوەڕوانین بزانین پشكی ئێمە چەندە و هیوادارین پێش كوتایی ساڵ وەڵاممان بدرێتەوە.
سەرۆكی شاندی حكوومەتی هەرێم دووپاتی كردەوە، ساڵی 2021 ساڵێكی قورس دەبێ و پێویستی بە پێكەوە كاركردن هەیە بۆ دەربازكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان لە كێشە داراییەكانیان، بۆیە پێویستە دوور لە موزایەدەی سیاسی و كەشی هەڵبژاردن عێراق و هەرێم دەرباز بكەین، هیوادارم لایەنە سیاسییەكان لە زاخۆوە تا بەسڕە بەیەكەوە كار بكەین و گەشبینم سەركەوتوو دەبین بەسەر كێشەكان.
دووپاتی كردەوە، گفتوگۆكان بەردەوامن و شكستیان نەهێناوە و توانیمان بگەین بە رێككەوتن لەبارەی بودجەی 2021، كە دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی كرد، ئێستەیش پڕۆژەكە رەوانەی پەرلەمان كراوە و هیوادارین پەسندی بكات، بۆیە گفتوگۆكان بەردەوام دەبن و ئەو خاڵانەیشی لە گفتوگۆكانی پێشوو باسی كراوە، لە بودجەكە جێگیر كراوە، پشكی هەرێم لە بودجەی 2021 ی عێراق كەمترە لەوەی پێشبینیمان كردووە و مافی خۆمانە، بەڵام بە 12.67% جێگیر كراوە.
زیاتر گوتی، گفتوگۆكان بەردەوامن و خەڵكی دڵنیا دەكەمەوە كە گفتوگۆكان بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن تا گەیشتن بە ئەنجام، ئێمە لێرەین بۆ وەرگرتنی مافی خەڵك و مووچەخۆرانی هەرێم و داوای زیاتر لە مافی خۆمان ناكەین و نەهاتووین خەڵك خێرمان پێ بكات، لێرەیش دەمێنینەوە تا گەیشتن بە ئەنجامێكی باش بۆ هەرێم و مووچەخۆران.