
ئەمشەوی هەینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا بە توندی کردەوەی تیرۆریستی بە ئامانجگرتنی بۆڕی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی سەرکۆنە كرد.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە “رۆژی چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2020، بۆڕی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و بووە هۆی ئەوەی كە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بوەستێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کردەوە تیرۆریستییە شەرمەزار دەکات و پێیوایە ئەم جۆرە کردەوانە دۆخی هەرێم و ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن”.
لە كۆتاییشدا حکوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردووەتەوە كە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بکرێت و دەست بۆ قووتی خەڵکی کوردستان ببرێت، لێکۆڵینەوەش بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بەردەوامە.