
ئەندامێكی جڤاتی گشتیی گۆڕان، بڕیاری بەشدارینەكردنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بە هەڵە وەسف دەكات و رای دەگەیننێت كە سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت بڕیاری حزبەكەی ڕەت بكاتەوە.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند: “بڕیارەکەی ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەڵەپەساردنی کۆبوونەکانی پەرلەمان پێویستی بە پێداچوونەوەیە، چونکە لەم دۆخەی ئێستادا پێویستە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی کوردستان بەگەڕ بخرێنەوە و کۆمەڵێک بڕیار و پرۆژە یاسا ھەیە پێویستە بچێتە باری جێبەجێکردنەوە، بۆیە ئەو بڕیارە بۆ وەستاندنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارێکی باش نییە و ھەڵەیە“.
ڕوونیشی كردەوە: “پێویستە پەرلەمانی کوردستان، خۆی بۆ ئەگەرەکان ئامادە بکات، کاری جددی بکات بۆ ئاساییكردنەوەی ژیانی هاووڵاتییان و کۆمەڵێک پڕۆژەیاسای گرنگ دەربکات، پشتیوانی و ھانی پڕۆژەیاسای چاکسازی بدات، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا نەیتوانیوە ئیش و کار و ئەرکەکانی خۆی بەپێی پێویست ئەنجام بدات، بۆیە دواخستنی کۆبوونەوەکان کارێکی باش نییە و زیانی بۆ ھاووڵاتیان دەبێت“.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان نەیشاردەوە كە ”سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکوو ئەو کاتە نوێنەری حزبن کە ھەڵدەبژێردرێن، بۆیە دوای ھەڵبژاردنیان، دەتوانن وەک نوێنەری حزب مامەڵە نەکەن، بەڵکو وەک نوێنەری خەڵکی مامەڵە بکەن، بەڵام ڕێواز فایەق، ناتوانێت بڕیاری حزبەکەی جێبەجێ نەکات، ھەرچەندە وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت ھەموو بڕیارێکی سیاسیی حزبەکەی ڕەت بکاتەوە“.