
وەزارەتی دارایی وردەکاری كەمكردنەوەی مووچەی مانگی شوبات ئاشکرا دەکا و كاتی دابەشكردنی مووچەش ئاشكرا دەكات.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی نێو دیوانی وەزارەتی داراییەوە،دراون، بەهۆی ئەوەی بڕی بودجەی وەزارەتەكان بۆ مووچە جیاوازە و لیستی مووچەی فەرمانبەرانیش جیاوازە، بۆیە هەر وەزارەتێك خۆی لیستی مووچەكەی ئامادە دەكات.
روونیشی كردەوە: ”ئەوەی مووچەی 300 هەزار دینار بێ، دەستی لێ نادرێ، لە سەرووی ئەوە 4% دەست پێدەکات بۆ 5% دواتر بۆ 7% تاوەکوو 10% بۆ 13% بۆ 15% بە گوێرەی مووچەکەی و پلەی وەزیفیی مووچەخۆرەكە، ڕێژەکە دەگۆڕێت، بەڵام نابێ 21% تێپەڕ بکات، جگە لە پلە باڵا و تایبەت کە 50%یان لێ دەبڕێت”.
دووپاتی کردەوە، دوای ئەوەی وەزارەتەکان لیستەکان ئامادە دەکەن، بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرن، لەوێشەوە پاش وردبینی، دەدرێته گەنجینەکان بۆ خەرجکردنی مووچەکە. گوتیشی: “لیستی مووچەی هەر وەزارەتێک ئامادەبوو، ڕاستەوخۆ مووچەی ئەو وەزارەتە خەرج دەکرێت”.
لە كۆبونەوەی ڕۆژی 21ی 6ی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا “بە ڕاگرتنـی تەمویلكردنی ڕێژەی 21%ی بودجەی وەزارەتەكان بۆ مووچە، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم مووچەخۆران جێبەجێ دەكرێت بە ڕەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی مووچەخۆر”.