
هاووڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان و عێراق
ئەمڕۆ، ١١ى نیسانى ٢٠٢٦، لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەشێوەیەک پڕۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو، کە لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسەندکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە، هەروەها ئەو کاندیدەى کە دیاریکرابوو بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لە دەرەوەى ئالیەتى کوردستانى بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقى گەلى کوردستانە نەک حزبێک، بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسەندیان کردووە!
بۆیە ئەو شێوازە هەڵبژاردنە ڕەتدەکەینەوە و کەسێکیش کە بەو شێوازە دیاریبکرێت بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش فراکسیۆنى پارتیمان بایکۆتى بەشدارى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى کرد، کە دەبوایە دواى بایکۆت کردنەکە ناوى کاندیدى پارتیمان لە پڕۆسەى هەڵبژاردنەکە لادرابایە.
لەئێستاشدا بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسۆنى پارتیمان لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵى عێراق دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان.
مەکتەبى سیاسیى
پارتى دیموکراتى کوردستان
١١ى ٤ى ٢٠٢٦
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە