نوێترین هەواڵ
سەرەتا / کوردستان / وەزارەتی ناوخۆ داوا دەكات بڕیارێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەكان رابگیرێت

وەزارەتی ناوخۆ داوا دەكات بڕیارێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەكان رابگیرێت

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای كرد بڕیارێكی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە بێبەشكردنی ئاوارەكان لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان رابگیرێت.

وەزارەتی ناوخۆ ئەمرۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە “بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا 18 کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە”.

لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ هەروەها هاتووە “لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینەخۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێبەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە”.

ئاماژە بەوەشدراوە “ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەی نایاسایی، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بەشێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی”.

وەزارەتی ناوخۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکات بەپەلە ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بكرێت:-

یەکەم: حکوومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت.

دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە.

سێیەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختشی كردەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان و بەویست و ئازادی خۆیان و دڵنیابوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان.

ئاماژەی بەوەش دا كە “چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لەگەڵ هۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان”.

بەپەلە

په‌یامی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە ساڵیادی هه‌ڵگیرسانى شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شۆڕشی مه‌زنى ئه‌یلوول بە ڕێبەرایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانیی …

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *