
ئەمڕۆ چوارشەممە 04ـی 10ـی 2023 وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار درا بە دابینکردنی 6 ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوت بۆ ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا وەزارەتی پەروەردە ناوەندەکانی خوێندن ئاگادار دەکاتەوە کە پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سبەیەوە دەستپێدەکات، پێویستە سەرجەم لیژنەکانی وەرگرتن هەروەها ناوەندەکانی خوێندن دڵنیابن لە بوونی بەڵگەنامەی ڕێگەپێدانی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە کوالێتی نەوتی دابینکراو بۆیان، هیچ جۆرە نەوتێک وەرناگیرێت بێ بوونی بەڵگەنامەی شیاوێتی سامانە سروشتییەکان.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش داوە کە “پێویستە ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەم بابەتە پابەندبن بە گشتاندنی وەزارەتمان ژمارە (561) لە 24ـی 11ـی 2023، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەلامەتی مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابییانەوە هەیە.
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە