
ئاسایشی هەولێر لەسەر ڕووداوی هێرشکردنە سەر پارێزەرەکە 3 کەس دەستگیر دەکات و جەختیشی کردۆتەوە کە لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەمبارەوە بەردەوامیی دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند:
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 15ـی 04ـی 2023 لەلایەن چەند کەسێکەوە لە شاری هەولێر هێرشکرایە سەر پارێزەر (محەممەد یابە سۆفی) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: دوای ئاگادارکردنەوەمان سەبارەت بە دەستدرێژکردنە سەر ئەو پارێزەرە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە و وەزیری ناوخۆ 3 تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر کران و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت.
ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەنراوەکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و ئاماژەی بەوە داوە کە “پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شاری هەولێر و هاوشارییانمان ئەرکێکە و بەزاندنیان هێڵی سوورە و تۆمەتباران و تاوانباران لە هەر شوێنێک بن دەستگیر دەکرێن و ڕاپێچی بەردەم دادگەیان دەکەین.”
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە