
تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ، لەگەڵ مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، کۆبۆیەوەو بڕیار درا لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا بیست و شەشەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ ئەنجام بدرێت.
کۆبونەوەکە بە ئامادەبونی سامی هادی، لێپرسراوی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، د. ئیبتیسام ئیسماعیل، سەرۆکی بنکەی روناکبیریی گەلاوێژ، تەڵعەت تاهیر و سیامەند هادی ئەندامانی بنکە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبونەوەکە، مەلا بەختیار رایگەیاند، سەرەڕای دۆخێکی دژوار، بەڵام فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەبێت سەروو دۆخەکە بفڕێت و نابێت پەکیبکەوێت و پێویستە بەردەوام بێت.
وتیشی: ئەوەندەی دەتوانین پێداویستی فێستیڤاڵەکە دابین دەکەین، وردەکاریەکەشی چۆن دەکرێت و کەی دەکرێت ئەمە پەیوەندی بە سەرۆکی بنکە و ئەندامانەوە هەیە، پێویستە بەرنامەی بۆ دابنێن و لەسەری رێکبکەون.
مەلا بەختیار، جەختی لەوەکردەوە، ئەو بەڵێنەی داومانە بە نوسەران و قەڵەمە تازەکان و داهێنەران، ئەوەیە کە هەموو ساڵێک فێستیڤاڵ رێکبخەین، ئەمساڵیش سەرەڕای تەنگوچەڵەمەکان فێستیڤاڵ رێکدەخەین، بۆیە هیوادارم وەکو ساڵانی رابردوو گەرموگوڕ بن و پرۆگرامێکی وادابنێن کە لە ئاستی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا بێت.