
فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا، له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و هه‌نارده‌كردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له به‌نزین و نه‌وتی سپی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه رای گه‌یاند، به‌پێی ڕێكه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا، ده‌بێت تا 20 ڕۆژی تر به‌شه نه‌وت له به‌غداوه بگاته هه‌رێمی كوردستان.
فارس عیسا به فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگه‌یاندووه، به پێی بڕیاری ژماره 169ی ڕێكه‌وتی حه‌وتی ئه‌یلوولی 2022ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی راسپارد، به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ داوده‌زگاكان، به‌ر له هاتنی وه‌رزی زستان و به خێرایی كێشه‌ی نه‌وتی سپی و سووته‌مه‌نی به گشتیی، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
” له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ڕێكه‌وتی 20ی ئه‌یلوولی 2022، له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له د.ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیری نه‌وت و د.حامد یونس ئه‌لزه‌وبه‌عی، بریكاری وه‌زاره‌ت كۆبووینه‌وه، تا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی 257 ملیۆن و 500 هه‌زار لیتر نه‌وتی سپی له حكوومه‌تی عێراق بكڕێت و بۆ هه‌ر خێزانێكی هه‌رێمی كوردستان 200 لیتر دابین بكات” فارس عیسا وای گوت.
له میانی سه‌ردانی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه پێویسته هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی تری عێراق مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دا بكرێت له ڕووی دابینكردنی نه‌وت و گاز و به‌نزینه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دۆخی جوگرافی له‌به‌ر چاو بگیرێت، چونكه كوردستان ناوچه‌یه‌كی شاخاوییه و زستانی سارده و پێویستییه‌كانی سووته‌مه‌نی زیاترن.
وه فه‌رمانگه‌كه بڵاوی كردووه‌ته‌وه، مسته‌فا كازمی، دڵنیایی داوه‌ته سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه “پشكی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كرێت و به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كه”.