
بە پوختی کارەکانی وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخەمە ڕوو ، وێڕای تەنگژەی دارایی و پەتای کۆرۆنا، بەکورتیچەندین هەنگاوی ستراتیژیی و هەنگاوی گرنگ نراون ، کە بەشێکیان لە ئاییندەدا ئەنجامەکانی هەست پێدەکرێن:
یەکەم : لەئاستی ڕاهێنانی مامۆستایان و فەرمانبەران :
١-(٦٠٩٩٢) شەست هەزار و نۆسەد و نەوەد و دوو مامۆستا و فەرمانبەر لە بوارە جیاوازەکانی پەروەردەیی و کارگێری و تەکنەلۆژیی ڕاهێنانیان وەرگرتووە.
٢-ستراتیژی ڕاهێنانی مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردەمان داڕشتووە.
٣-لەگەڵ دامەزراوەی (جیمس/ GEMS)یاداشتی لێکتێگەیشتنمان واژۆکردووە بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان کە نەخشە رێگەیەکی ستراتیژییە و گەورەترین دامەزراوەی پەروەردەی(پەیمانگەی پەروەردەی -IOE)سەر بە( UCL ) University college Londonپشتیوانی دەکات ، لە ٢٦ی ٧ی ٢٠٢٢ ، تیمی ڕاهێنەران دەگەنە کوردستان و هەنگاوی یەکەم ٥٠٠ مامۆستا ڕاهێنان وەردەگرن . و ئەم پرۆژەیە درێژخایەنە.
٤-لەگەڵ رێکخراوی بریتش کاونسل کارمان کرد بۆ گەیشتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ڕاهێنان لە چوارچێوەی Teaching for Successلە ڕاهێنانی ٥٠٠ مامۆستاوە دەستپێدەکەین بەشێوەی TOT، دەروازە دەکاتەوە بۆ ڕاهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان .
دووەم : پڕۆگرامەکانی خوێندن :
١-پێداچونەوەی زانستی و زمانەوانی و هونەری بە ٣٥ کتێبی خوێندن کراوە .
٢-ئێستا پێداچونەوەی زانستی و زمانەوانی و هونەری بە ٤٠ چل کتێبی دیکەی خوێندن لە ژێر کاردایە.
٣-کتێبی کارامەیی و بەها کۆمەڵایەتییەکان پاش وەرگرتنی تێبینی پسپۆران کەوتە بواری جێبەجێکردن.
٤-ستراتیژی پێداچونەوە بە کتێبەکانی خوێندنی پیشەیی بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی گشتیی پڕۆگرام و بەرێوەبەرایەتی گشتیی فێرکردنی ئامادەیی و پیشەیی دارێژراوە و ئیستا کار کتێبانەی خوێندنی پیشەیی دەکرێت .
سێیەم : رانکینگی سیستەمی پەروەردە و هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتیەکان :
پاش سێ ساڵ لە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا توانیمان ڕەزامەندی دامەزراوە گەورە و باوەڕپێکراوەکانی هەڵسەنگاندنی زانستی و پەروەردەیی بە دەستبهێنین ، قسە زۆر دەکرێت لەوەی ئێمە سیستمێکی پەروەردەی باشمان هەیە یان خراپ ، بڕیاردان بێ هەڵسەنگاندن و بی بوونی پیوەری زانستی و نێودەوڵەتی باوەڕپێکراو تەنها لە چوارچێوەی قسەکردندا دەمانهێڵێتەوە ، لەسەردانی شاندی وەزارەتمان بۆ لەندەن ، چ لە بواری ڕاهێنان چ لە بواری هەڵسەنگاندن کە وەک درێژکراوەی سەردانی شاندی حکومەت بوو بەسەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی ، توانیمان ڕەزامەندی سەرەکی وەربگرین بۆ بەشداری لە دوو گەورەترین و باوەرپێکراوترین هەڵسەنگاندنەکان کە ئەویش هەڵسەنگاندنی (PISA)یەProgramme for International Student Assessmentکە ساڵی ٢٠٢٥ ئەنجامدەدرێت و سێ ساڵ پێویستە بۆ ئامادەکاری هەروەها هەڵسەنگاندنی ( TIMMS) TRENDS IN INTERNATIONAL MATHEMATICS AND SCIENCE STUDY (TIMSS)کە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت .
ئەمەش یەکێکە لەو دەستکەوتە گرنگانەی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان قبوڵکراین کە ئەو هەڵسەنگاندنانە ئەنجامبدەین و هەرێمی کوردستانیش بۆیەکەمین جار بکەوێتە سەر نەخشەی رانکینگی پەروەردەیی جیهانی و بە شێوازێکی زانستیانە و بابەتیانە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکان دیاریبکرێن و راسپاردەی پێویست لەبارەیانەوە جێبەجێبکرێت . بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی ٤ ی ٧ ی ٢٠٢٢ گفتوگۆمان لەگەڵ جەنابی سەرۆکی حکومەت هەبوو وە بەڕێزیان ، بە سوپاسەوە ، بریاریدا بە تەرخانکردنی بودجەی پێویستی بەشداری کوردستان لەو هەڵسەنگاندنانە.
چوارەم : بەدیجیتاڵ کردن :
بونیادی تەکنەلۆجیمان بۆ گەورەترین و فراوانترین وەزارەتی کەرتی مەدەنی حکومەت بەجێهێناوە وەک ئەوەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەم بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لێکردەوە بە دیجیتاڵ کردنی خزمەتگوزارییەکان:
١-پڕۆژەی پەروەردەی ئەلیکترۆنیمان (E-PARWARDA)خستەگەڕ و لە ٢٥ی ٨ی ٢٠١٩ وە دەستمانکرد بە داخڵکردنی داتاکان ، ئێستا هەموو باخچەو قوتابخانە و پەیمانگەکانمان بە دیجیتاڵی کردووە ، داتای ( هەموو مامۆستا و فەرمانبەران) ( هەموو قوتابیان ) ( کەلوپەل و هەموو وردەکاری ناوەندەکانی خوێندن) ( هەموو نوسراوەکانمان کردۆتە ئەلیکترۆنی لە نێوان وەزارەت و بەڕێوەبەرێتی گشتیی پەروەردەکان و پەروەردەی قەزاکان و تەنانەت باخچە و قوتابخانەکان و پەیمانگەکانیش ) ( سیستەمی کۆگای وەزارەت و پەروەردە گشتیی و پەروەردەی قەزاکانمان کردۆتە دیجیتاڵی ) ئێستا کار لەسەر ( سیستەمی ژمێریاری )دەکەین.
ئەو سیستمە تەنها داخڵکردنی داتا نییە بەڵکو ئیدارەدان و ئەپدەیتکردن و سوود لیوەرگرتنیەتی بۆ دروستکردنی ڕاپۆرتی پەروەردەیی ، بەنموونە تەنها دوو خولەکت پێویستە بزانیت چەند قوتابخانە یەک دەوام یان دوو دەوامە ، سیستەم ڕاپۆرتی وردت پێشکەش دەکات ، ئەوە تەنها نمونەیەکی سادەیە ، دەیان بواری دیکەی پەروەردەیی لە چەند خولەکێکی کەمدا راپۆرتی لێدروست دەکرێت بۆ بەرچاوی بریاربەدەستانی پەروەردەیی.
٢-گواستنەوەی قوتابیان لە قوتابخانەیەک بۆ قوتابخانەیەکی دیکە لە شارێک بۆ شارێکی دیکە هەمووی کرایە دیجیتاڵی .
٣-پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنیمان ( E-WANE)لەسەردەمی پەتای کۆرۆنا دامەزراند ، زیاتر لە ٨ هەزار ڤیدیۆ تۆمارە ، کتێبەکانی خوێندنی بە پی دی ئێف تێدایە، پلاتفۆرمەکە بەستراوەتەوە بە مایکرۆسۆفت تیمز ، کە یەک ملیۆن و نیو ئەکاونتیان بە بێبەرامبەر بۆ دابینکردووین ، کە پاکێجیکی تەواو پەروەردەییە ، هەموو مامۆستایەک دەتوانێت سودی لێوەربگرێت بۆ وانەی ئۆنلاین و سودی لێوەردەگیرێت بۆ ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین . سودی هەیە بۆ هەرقوتابییەک کە نەتوانێت مامۆستای تایبەت یان خولی بەهێزکردن بۆ خۆی فەراهەم بکات.
٤-وەرگێرانی بڕوانەمەکانمان بۆ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی کردۆتە دیجیتاڵی ، پێشتر ١٤ ڕۆژ پێویست بوو بۆ ئەوەی لە قوتابخانەوە نووسراو بکرێت بۆ پەروەردەی قەزا و لە پەروەردەی قەزاوە بۆ پەروەردەی گشتیی و لە وێشەوە بۆ وەزارەت ، ئێستا بە سیستەمی ئەلیکترۆنی تەنها ٦ خولەک پێویستە بۆ وەرگێرانی بڕوانامە و دروستکردنی نوسراویش بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
٥-ژووری سکاڵای ئەلیکترۆنیمان دامەزراند بۆ وەرگرتنی پێشنیار و سکاڵا و تێبینی و ڕەخنەکان و بەردەوام بوون لەگەڵ هاوڵاتیان .
٦-پلاتفۆرمیکی دیجیتاڵیمان بۆ گرنگیدان بە زمانی کوردی بۆ کۆرسی ئۆنلاین بۆمنداڵانی تاراوگە دامەزراندن و لە ٨ی ٣ی ٢٠٢٢ وە ١٠٣ منداڵ لە چەندین وڵاتەوە کۆرسی زمانی کوردیان لەلایەن مامۆستایانەوە بە ئۆنلاین پێدەوترێتەوە.
٧-بۆیەکەم جار ، پەڕەی سۆمای تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەییمان بە دیجیتاڵی کرد و دوو کاتژمێر پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان هەموو قوتابییەک دەتوانێت ئەو پەڕەیەی وەڵامی تاقیکردنەوەکانی خۆی ببینێت کە پەنجەمۆری خۆی لەسەرە هەروەها وەڵامە ڕاست و هەڵەکانی خۆیمان بۆ دیاریکردووە لەگەڵ پیشاندانی ئەوەی لە چ پرسیارێک وەلامەکەی هەڵەیە و راستەکەشی چییە ، ئەمە بەرزترین ئاستی شەفافیەت و دادپەروەرییە.
٨-بۆساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ ئەم خزمەتگوزارییە دیجیتاڵیانەمان ئامادەکردووە و کاری پێدەکەین:
—ئی هەڵسەنگاندنE-HALSANGANDN :دوو هەفتە جارێک فیدباکی قوتابی لەسەر حەوت ئاست دەدرێتەوە بە بەخێوکاری قوتابی بە شێوەی دیجیتاڵی ، یەکەم پرۆسەیە لەسەر ئاستی قوتابخانەی حکومی جێبەجێبکرێت ، بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت . هەروەها دەتوانن ( خشتەی وانەکانی هەفتە- نمرەکانی ) منداڵەکەیان ببینن و رێنمایی گشتیی تێدایە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانیان.
—ئی- کتێبخانەE-KTEBXANAمان بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی ستێرلینگ دامەزراندووە کە سەدان کتێبی پەروەردەیی تێدایە بۆ قوتابیان بە گوێرەی تەمەنەکان پۆلێن کراون.
—ئی ڕاهێنانE-RAHENANمان وەک پلاتفۆرمیکی ناوازە ئامادەکردووە بە هاوبەشی لەگەڵ یونیسێف و فێرگەی برادۆست بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان ، پاش تەواوکردنی کۆرسەکان بروانامە دەبەخشرێتە مامۆستایان ، زیاتر لە ٧٠٠ ڤیدیۆ بۆ دەیان کۆرس جیاجیای پەروەردەیی ئامادەکراوە، پلاتفۆرمەکە بەستراوەتەوە بە مایکرۆسۆفت تیمز بۆ ڕاهێنانی ئۆنلاین ، کەچەندین ڕاهێنەری نیشتیمانی و بیانیش لەگەڵمان بەشدار دەبن .
—ئی خێزانE-XEZAN، پلاتفۆرمێکە بۆ خێزانی کوردی بۆ گرنگیدان بە منداڵەکانیان و پەروەردە کردنیان ، لە رێگەی گرافیک و نوسین ئەنیمەیشن بۆ رێنوێنکردنیان لەگەڵ منداڵەکانیان، بەهاوبەشی لەگەڵ یونیسێف و فێرگەی برادۆست دروستکراوە.
—ئی باڵاخانەE-BALAXANA، ئامادەکراوە بۆ بەدیجیتاڵ کردنی ئەو باڵەخانە پەروەردەییانەی لەم کابینەیە دروستکراون یان نۆژەنکراونەتەوە یان فراوان دەکرێن ، هەروەها هەموو ئەو زەویانەی تەرخانکراون بۆ پەروەردە لە تەواوی کوردستان بە دیجیتالی دەکات.
—لەچوارچێوەی فێربووی چێژبەخش بۆ قوتابیانی بازنەی یەکەم بەهاوبەشی لەگەڵ یونیسێف وفێرگەی برادۆست (پلاتفۆرم کۆساران ) مان ئامادەکردووە بەدەنگ و وێنە و شێوازی چێژبەخش بۆ قوتابیانی پۆلەکانی یەکەم و دووەم وسێیەمی بنەڕەتی.
پێنجەم : باڵەخانەی باخچە و قوتابخانەکان:
بینایی نوێی باخچە و قوتابخانە لە کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا کەوتونەتە بواری خزمەتەوە.
٢-بری ٤٦،٥٢٤،٠٠٠،٠٠٠ چل و شەش ملیار و پێنج سەد و بیست و چوار ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ تەواوکردنی پرۆژە تەواونەکراوەکان.
٣-بڕی سێ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی ١٨٠ ژووری نوێ لە قوتابخانەکان بەمەبەستی فراوانکردنیان .
٤-٦٣٥باخچە و قوتابخانە لە کابینەی نۆیەمدا نۆژەنکراونەتەوە بە شێوەی ( جزئی و کلي).
٥- لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی هەماهەنگی هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی ٢٠٠ قوتابخانە کە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان