
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە بەغدا ئاشکرای کرد، پارتی ھەمیشە ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و دەشڵێت، پێشتریش بەردەوام ھەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن سەردانی پارتییان کردووە.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: ”پارتی ھەمیشە بەردەوام بووە لە دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و ئێستایش پارتی دانوستان لەگەڵ ھیچ لایەنێک ڕەت ناکاتەوە، لە ڕابردووشدا بەردەوام لایەنە عێراقییەکان بۆ دانوستان لەبارەی پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقەوە سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە.”
د. ڤیان سەبری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”پارتی ھێڵی سووری لەسەر ھیچ لایەنێکی عێراقی نییە و لەپێناو گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق و لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان، لە ھیچ کاتێکدا دەرگای دانوستانی دانەخستووە.”
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە