
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاند، بۆدیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن پشت بە هیچ وڵاتێک نابەستن. دەشڵێت، “ئێوارەی رۆژی شەممە بڕیار لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن دەدرێت”.
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، “بۆدیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان پشت بە هیچ وڵات و دەزگایەکی فەلەکی نابەستین، پەیوەندیمان لەگەڵ وەقفی سوننی عێراق هەیە و کۆبونەوەی بەردەواممان لەگەڵ ئەوان ھەیە، بڕیاری تایبەت بە خۆمان ھەیە و پشت بە خۆمان و بەڵگە شەرعییەکانی خۆمان دەبەستین”.
ئەوەشی خستەڕوو، “ئەوەی دەگوترێت فڵانە رۆژ جەژنە ڕاست نییە، چونکە ئێمە پشت بە بەڵگە شەرعییەکان دەبەستین، نەک ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، فەلەکناسییە یان شوێنی دیکە و لیژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیار دەدات، بۆ ئەمساڵیش تائێستا دیارنییە، ئەم مانگە سی رۆژ دەبێت، یان بیست و نۆ رۆژ”.
دەشڵێت، رۆژی شەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان بۆ دیاریکردنی رۆژی جەژن کۆ دەبێتەوە و ئەگەر مانگ بیندرا، رۆژی یەکشەممە دەبێتە جەژن و ئەگەر نەبیندرا مانگی رەمەزان سی رۆژ دەبێت و رۆژی دووشەممە دەبێتە جەژن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەهەرێمی کوردستان و زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە پشتبەستن بە بینینی مانگ ٢ی ٤ی ٢٠٢٢ بەیەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرا.