
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، سکاڵایەکی دیکە لەسەر (هێمن مامەند) و چەند پەیجێکی لۆکاڵیی سلێمانی تۆمار دەکات، کە تۆمەتی ئەوەیان خستووەتە پاڵی، گوایە دوو ملیۆن دۆلاری هاووڵاتییانی بردووە.
محەممەد سەعدەدین، بە چركەی ڕایگەیاند، ئەوان لێرەن و ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکیان نییە، گوتی: ”ئێمە وا لێرەین لە هەولێر و گۆڕەپانی سیاسی و خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەڵام وادیارە خزمەتەکانی ئێمە لە بەرژەوەندیی هەندێ حزب و کەس و لایەندا نییە و ئەوانەش بە عەقڵی خۆیان دەیانەوێ بەو تۆمەتانە ئێمە لە خزمەتی خەڵکی کوردستان دوور بخەنەوە.
دەڵێ:”لە چوارچێوەی ئەو منحەیەی بۆ حزبەکان لە 2014 بڕاوە، ئەوە بودجەی حزبی ئێمەش بڕاوە، لەگەڵ ئەوەش بەو داهاتە کەمەی، کە هەمان بووە، کاری سیاسیی خۆمان کردووە و بەشێک لەو قەرزەی لەسەرمان بووە داومانەتەوە و بەرنامەمان بۆ دانەوەی ئەوانی دیکەش هەیە.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەوان بۆ تۆمەتی وا ناشرین و ناوزڕاندن، پەنا بۆ یاسا دەبەن، لەکاتێکدا ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن خۆیان ئەوانەن، کە لە یاسا هەڵاتوون، بەڵام دڵنیان لەوەی، کە رۆژێک دێت ئەوانە بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.