
سەرۆک بارزانی و موقتەدا سەدر بە تەلەفۆن قسەیان کرد و پەیوەندییەکانی نێوان رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کورستان و هاوپەیمانیی سەروەرییان تاوتوێ کرد. هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هەرسێ لایەنەکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، رۆژی پێنجشەممە 17ی شوباتی 2022 سەرۆک مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەنجامدا.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا تاوتوێی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست و هاوئاهەنگیکردنیان لە هەڵوێستەکان لە هاوپەیمانییە سێقۆڵییە ستراتیژییەکە بۆ قۆناخی هەنووکەیی کرد، ئەوەش بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرۆک بارزانی و موقتەدا سەدر کۆک بوون لەبارەی گرنگیی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بۆ هێزەکانی هاوپەیمانییە سێقۆڵیەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا.
نووسینگەی راگەیاندنی رێبەری سەدریش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە هیچ جیاوازییەکی لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی بارەگای بارزانی نەبوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان، رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان هاوپەیمانییەکیان هەیە و ئەوەش بنەمای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بوو لە رۆژی 9ی کانوونی دووەمی رابردوودا.
لەو کۆبوونەوەیەدا محەممەد حەلبووسی لە سووننەکان بە سەرۆکی پەرلەمان، حاکم زاملی لە رەوتی سەدر وەکو جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵڵاش لە فراکسیۆنی پارتی وەکو جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا
چرکە دامەزراوەیەکی میدیایی ئەهلی و ئازادە، خاوەنی گۆڤار و ماڵپەڕی چرکەیە