
بە فەرمانی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی زیاتر لە 11 هەزار پارچە زەوی دابەشدەكرێت بەسەر كەس و كاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، ئەوەش دڵخۆشی لای سودمەندان لێكەوتووەتەوە داوا دەكەن فەرمانەكە بەزووی جێبەجێ بكرێت.
كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دڵخۆشن بەوەی لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەبنە خاوەنی پارچە زەوی تایبەت بە خۆیان.
لەو بارەوە، قومریە محەممەد دایكی شەهید بە چركە دەڵێ، ئێمە ساڵانێكە چاوەڕێ ئەوە بووین فەرمانی ئەوەمان بۆ دەربكرێت ببینە خاوەنی پارچە زەوی تایبەت بەخۆمان تاكو بتوانین یەكەی نیشتەجێبوونی لەسەر بنیات بنێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، داوا كارین لە سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، هاوكارمانبێت لەوەی بتوانین بیكەین بە یەكەی نیشتەجێبوون،دڵنیاشین لە خەمخۆری و وەفای سەرۆك وەزیران بۆ كەسوكاری شەهیدان.
كەریم بارام زیندانی سیاسی لای خۆیەوە دەڵێ، مەسرور بارزانی پێ وتین زیندانیانی سیاسی خەباتی زیندانتان لەبەرچاومانە و دەمانەوێت خزمەتێكی بچوكتان بكەین ،بڕیار بۆ پێدانی زەوی پێمان دڵخۆشی كردووین و سوپاسی جەنابی كاك مەسرور بارزانی دەكەین.
بارام دەڵێ: پێویستە هەموو بەرپرسەكان چاو لە مەسرور بارزانی بكەن بۆ خزمەت كردن و وەفانوواندن بۆ زیندانیانی سیاسی و كەس و كاری شەهیدان، ئێمە دەڵێن سوپاس و چاویشمان لەوەییە كاری باشترمان بۆ بكەن.