
بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کشتوکاڵ لە پەرله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ بڕیارى دروستکردنى 12 به‌نداو بۆ که‌مکردنه‌وه‌ێ دیارده‌ى وشکه‌ساڵى و کاریگه‌رییه‌کانى له هه‌رێمى کوردستان بڕیارى له‌سه‌ر درا، له ئێستادا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕى 13 ملیار دینارى ته‌رخان کردووه، که به‌م بڕه شه‌ش به‌نداوى نوێ دروست ده‌کرێن و ئه‌وانى دیکه‌ش کارکردن تێیاندا ده‌ست پێده‌کاته‌وه.
سه‌فین گه‌ردى، ڕاگه‌یاند، وه‌ک ئاشکرایه ئه‌مساڵ به هۆى که‌میی باران و نه‌بارینى ڕێژه‌ى پێویست، دیارده‌ى وشکه‌ساڵى ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى کوردستان بووه‌وه، به تایبه‌ت لە ناوچه‌کانى گه‌رمیان زۆر به ڕوونى کاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر به‌روبوومى کشتوکاڵى به‌جێهێشت، به شێوه‌یه‌ک نزیکەی 100 دۆنم زه‌ویی چێنراو به به‌روبوومى دانه‌وێڵه زیانیان به‌رکه‌وت، بۆیه دواى ئه‌وه‌ى له ڕێگه‌ى به‌رپرسانى ئیداره‌ى گه‌رمیان به ڕاپۆرتێک زیانه‌کانى وشکه‌ساڵى له‌و ده‌ڤه‌ره گه‌یه‌ندرایه وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ و له‌وێشه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بۆیه به‌شێکى ئه‌و پاره‌یه‌ى ته‌رخان کراوه، تایبه‌ت ده‌بێت به ئیداره‌ى گه‌رمیان و به‌شێک له‌و به‌نداوانه‌ى پێ ته‌واو ده‌کرێت که به هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوو.
گه‌ردى گوتیشى، له ئێستادا کۆمه‌ڵێک به‌نداو له سنوورى گه‌رمیان هەن، که ئه‌گه‌ر بێت و ته‌واو بکرێن، بێگومان کاریگه‌ریى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى ئاسه‌وارى وشکه‌ساڵى له سنووره‌که ده‌بێت، له‌وانه به‌نداوى به‌رده‌سوور و باوه‌نوور کە ئه‌گه‌ر له کاتى خۆیدا ته‌واو بکرانا‌یه و ڕانه‌گیرابان، ئه‌وا به‌و شێوه‌یه ئاسه‌واره‌کانى وشکه‌ساڵى کاریگه‌رى له‌سه‌ر به‌رهه‌مى جووتیارانى سنووره‌که نه‌ده‌بوو.
بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کشتوکاڵ لە پەرله‌مانى کوردستان ده‌شڵێت، بێگومان وه‌ک لیژنه‌ى کشتوکاڵ له هه‌وڵەکان به‌ره‌ده‌وام ده‌بین و به‌دواداچوون بۆ ئە‌و گرفتانه ده‌که‌ین کە له که‌رتى کشتوکاڵى ئیداره‌ى گه‌رمیان هه‌یه، به تایبه‌ت بابه‌تى ته‌رخانکردنى بودجه‌یه‌کى تایبه‌ت بۆ وشکه‌ساڵى له ناوچه‌که و له ئێستاشدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌سه‌ر خه‌تین و گه‌شبینین که له ئاینده‌یه‌کى نزیکدا بڕیارى پێویست له‌و باره‌وه بدرێت.